ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو چالاکی ژینگەپارێزی لە مەهاباد

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٤:٤٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

دوو چالاکی ژینگەپارێزیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی زاگرۆس ڕەسووڵی و محەممەد ڕەمەزانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، محەممەد ڕەمەزانی، شاخەوان و چالاکی ژینگەپارێزیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە ماڵەکەی خۆیدا بە لێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نزیکەی دە ئۆتۆمبێل لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە لێدان و توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردووە.

هەروەها و لە هەمان ڕۆژدا زاگرۆس ڕەسووڵی، تەمەن ٣١ ساڵ، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە وەڵامدانەوە لەو بارەیەدا خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە