سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئەفشین حوسێن پەناهی
هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد ٢٠ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تا ئێستا زانیارییەک لە بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ شوێنی کارەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردن هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەفشین و ماڵەکەیان پشکنیوە.
ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە، خەزەڵوەری ٢٧١٧ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی بە سەرۆکایەتی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سزای هەشت ساڵ و نیم بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. کە دەبووایە ٦ ساڵی ئەو سزایە جێبەجێ کرابا.
ئەفشین حوسێن پەناهی پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ٢٧١٧، سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی ڕامین حوسێن پەناهی، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتی دەستبەسەر کرابوو.
ئەم چالاکە مەدەنییە کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە، لە ساڵی ٢٧١١ لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گوماناوی براکەی بە ناوی ئەشرەف حوسێن پەناهی بە تۆمەتی» پڕوپاگەندە دژی حکوومەت» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەرد سەپێندرابوو و بە کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.
ڕامین حوسێنپەناهی، چالاکی سیاسیی کوردی تەمەن ٢٤ ساڵ و برای بچووکتری ئەفشین حوسێنپەناهی خەڵکی گوندی قروچای سەر بە شاری دێولان، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ لەگەڵ زانیار و لوقمان مورادی، دوو بەندکراوی سیاسی کوردی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.