بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد؛ هەشت هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر کران
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
لە درێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لەدوای مانگرتنی گشتی لە کوردستان، هەشت هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی چیاکۆ قوربەیی خەڵکی سنە، حەسەن خەلیلی خەڵکی سەردەشت، سادق کوردی خەڵکی پیرانشار، مەهدی جوانمەردی، فەرهاد زەندی، ئەرسەلان میرەکی و فەرشاد سەیدی، هاووڵاتییانی خەڵکی شاری دێولان و مەنسوور مەولوود پوور، خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، مەهدی جەوانمەردی و فەرهاد زەندی، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
لە هەمان ڕۆژدا، چیاکۆ قوربەیی، خەڵکی سنە لە کافەیەک لە شەقامی فەرەحی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هاوکات سادق کوردی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان، ئەرسەلان میرەکی و فەرشاد سەیدی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان مەنسوور مەولوود پوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لە شوێنی کارەکەی خۆی لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکرانی مەنسوور مەولوود پوور، ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان بە تەواوی پشکنیوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندان، حەسەن خەلیلی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەردەشت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی حەسەن خەلیلی لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە پێش چاوانی بنەماڵەکەیدا ڕوویداوە.
ئەو چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزییە دوای دوو ڕۆژ لێپرسینەوە و دەستبەسەربوون ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان لەژێر گوشاری سەختی دەروونیدا ئازاد کراوە.
دەستبەسەرکرانی زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەنداندا بووە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بەڕێوە چوو.