ساڵێک دوای کوژرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە لایەن حکومەتەوە: بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی

٩ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٣:٠٢

ساڵێک پاش کوژرانی حکومەتیی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، پێژمان فاتیحی، وەفا ئازەربار، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسین مەزڵووم، چوار ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێدەپەڕێت. ئەو لەسێدارەدرانانە، کە لە درێژەی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی دژبەرانی سیاسی بەتایبەتی لەنێوان هاووڵاتییانی کورددا ئەنجام درا، نیشانەیەکی ئاشکرای سیاسەتی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدران و لەسێدارەدرانە سەروویاساییەکان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوەیە.

بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ؛ ئامرازی سەرکوتی بەندکراوانی سیاسیی کورد

ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی بێ بنەمای وەکوو «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «تێرۆریسم» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام بە درێژایی ماوەی دەستبەسەرکرانیان قوربانیی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ بوون. بنەماڵەکانیان هەواڵێکیان لە بارودۆخیان نەبوو، و ئیزنی دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکانیان هیچ کات بە پارێزەرەکانیان نەدرا. تەنیا زانیارییەک کە لەو بەندکراوانە بڵاو کرایەوە دانپێدانانی زۆرەملێ بوو کە حکومەت بەمەبەستی ڕەواییدان بە سەرکوتکردنەکانی خۆی بڵاوی کردەوە.

پاش جێبەجێکردنی سزای سێدارە، وەکوو ڕەوتێکی باو لە بەرانبەر بەندکراوانی سیاسی کورد، کۆماری ئیسلامی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان ڕێگری کرد و شوێنی ناشتنیانی بە نهێنی هێشتەوە. ئەو کردەوە، بەئاشکرایی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر دژبەرەکانیدا

بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن، مێژوویەکی درێژی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەبووە و بەتایبەت بۆ بەندکراوانی سیاسی کورد، بەندکراوانی چەپگەرا، بەهایی و ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق بەکار هاتووە. نموونەی هاوشێوەی ئەو تاوانە، بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدرانی فەرزاد کەمانگەر، شێرکۆ مەعارفی و دەیان بەندکراوی سیاسیی دیکەیە کە چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەبوو.

کۆمەڵگای جیهانی بەرپرسیارە؛ کاتی هەنگاو هەڵێنانەوە گەیشتووە

هاوژینەکانی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ ڕایانگەیاند کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە «گرووپی کاری بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ» سکاڵایان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار کردووە. ئەو کارە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێگای دادخوازیدایە، بەڵام بەس نییە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای پاڵپشتی لەو سکاڵایە و ڕەوتی دادخوازیی تەواوی گیانبەختکردووان و لەسێدارەدراوان، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و سەرجەم ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە:

١- بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ وەکوو تاوانێکی ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بناسن و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئیدانەی بکەن.

٢- لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لەسەر بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ و لەسێدارەدرانە سیاسییەکان لە ئێران، بەتایبەت لەنێو کوردەکاندا دەست پێ بکەن.

٣- لە بەرپرسانی ئەو تاوانە، وەکوو سەرۆکە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینەوە بکەنەوە.

٤- گەمارۆی ئامانجدارتر دژ بە دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ و لەسێدارەدانە سیاسییەکان ڕۆڵیان گێڕاوە، بەکار بهێنن.

بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە

ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی پاڵپشتی لە هەمووان لە بەرانبەر بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ، کە لە دیسەمبەری ٢٠٠٦ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا، بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی بەرفراوان یان ڕێکخراوانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە کردووە. بەو پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێت دادگایی بکرێت.

کۆمەڵگای جیهانی چی دیکە ناتوانێت بەرانبەر بەو تاوانانە بێدەنگ بێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە حکومەتی ئێران بەهۆی چەند دەیە سەرکوت و چەوساندنەوە، بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێ و لەسێدارەدرانی سەروویاساییەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە