ڕاگەیەندراوەی هەنگاو سەبارەت بە مەترسیی جددیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٢:٠٥

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی #حەمید-حوسێننژاد-حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی چالدێران ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژێک کە بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو دیاری کرابوو، ئەو بەندکراوە بەبێ هیچ شرۆڤەیەکی یاسایی یان ڕاگەیاندنێکی فەرمی، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە. پەیوەندییەکی کورتی چەند چرکەیی ناوبراو و بنەماڵەکەی لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکان، بەبێ ئیزنی ئازادانە قسەکردن، سەلمێنەری درێژەی گوشارە ئەمنی و دەروونییەکان لەسەر ئەو بەندکراوەیە.

ئەو شێوە هەڵسوکەوتە، هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی ناکاوی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، دووپاتکردنەوەی ڕەوتێکی ناسیاوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە زۆر یەک لە بەندکراوانی سیاسی، بەتایبەتی دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» کەڵکی لێ وەرگرتووە: کەمکردنەوەی هەستیاریی میدیایی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگای دواخستنی جێبەجێکردنی سزا و لە درێژەیدا جێبەجێکردنی لە ناکاو و نهێنیی سزای سێدارە.

هەنگاو بە پشتبەستن بە ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆی لە بەڵگەمەندکردنی لەسێدارەدرانەکان، بەدواداچوون بۆ هەواڵی پەیوەندیدارە بە لەسێدارەدران و بێسەروشوێنکردنەکان، ڕایدەگەیەنێت مەترسیی جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو و تەنانەت بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ناوبراو لە ئارادایە. ئەو لەسێدارەدرانە نە نیشانەی دادپەروەری بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتی ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی کوردەکان و بەندکراوانی سیاسییە.

ئێمە لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە پێبەندەکان بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، میدیا ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران داوا دەکەین کە:

۱- ئەو سزایە نە بە سزایەک لە حاڵەتی «ڕاگیردراو»، بەڵکوو بە چاوەڕوانیی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە کاتی گونجاوی سیاسی بزانن.

۲- ڕێگە نەدەن گوشاری بیروڕای گشتی لەسەر حکومەت کەم بکرێتەوە و دەنگی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بن، دەنگێک کە سەرەڕای گوشاری سەختی ئەمنی بێدەنگی هەڵنەبژاردووە.

۳- داواکاری ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی جێبەجێکردنی ئەو سزایە بن.

۴- لەسەر مافی دەستڕاگەیشتنی ئازادانەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە پارێزەر، پەیوەندی ئەمن لەگەڵ بنەماڵەکەی و چاودێریی پزیشکی سەربەخۆ پێداگری بکەن.

۵- کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناوی ئەگەری پێشێلکردنی مافی ژیان و ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی وەڵامدەر بکەنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

۱۹ی ئەپریل

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە