ڕاگەیەندراوی هەنگاو لەسەر شەرمەزارکردنی ناچارکردنی گۆرانیبێژانی فۆلکلۆری کوردی بە خوێندنەوەی سروودی ئیدیۆلۆژیک

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٥:٢٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

هونەر، بەتایبەت مۆسیقای فۆلکلۆر، نە تەنیا بەشێک لە کولتووری یەک نەتەوە، بەڵکوو یەک لە گرنگترین کەرەستەکانی دەربڕینی ناسنامە، بەرخۆدان و مێژووە. مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی کە ڕیشەی لە مێژووی خەبات و زامەکانی نەتەوەیەکی ژێردەستدا هەیە، بەردەوام دەنگی برینەکان، هیواکان و بەرخۆدانی کوردان بووە. هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیدیۆلۆژیی حکومەتی بەسەر ئەو هونەرەدا، نە تەنیا سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، بەڵکوو هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مێژوو، کولتوور و ناسنامەی کوردەکان بە هەژمار دێت.

ناچارکردنی گۆرانیبێژانی فۆلکلۆری کوردی بە خوێندنەوەی سروودی حکومەتی، بەشێک لە پرۆژەیەکی ئامانجداری کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی لەنێوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی و تواندنەوەی ئیدیۆلۆژیکی لە ئێراندایە. ئەو کردەوە، لە درێژەی ئەو سیاسەتانەدایە کە لە سەرەتای حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، سانسۆرکردنی مۆسیقای کوردی، چەوساندنەوەی هونەرمەند و نووسەرانی کورد و سڕینەوەی هێما کولتورییەکانی کوردستان بەکار هێندراوە.

بەپێی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR) و پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (ICESCR)، کە ئێرانیش یەک لەو وڵاتانەیە کە پێبەندی کراوە. هەر تاک و نەتەوەیەک، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی لەژێر ستەمی نەتەوەیی/ئیتنیکیدان، ئەو مافەیان هەیە کە زمان، کولتوور، هونەر و مێژووی خۆیان بپارێزن و بێ ناچار و سانسۆرکردن دەریانبڕن، سەپاندنی ناوەڕۆکی ئیدیۆلۆژیک بەسەر هونەرمەندانی کورددا، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو پەیمانە نێودەوڵەتییە و بەشێک لە سیاسەتە بەربڵاوەکانی سەرکوتکردنی کولتووری دژ بە نەتەوەی کوردە.

سەرکوتکردنی هونەرمەندێک، سەرکوتکردنی نەتەوەیەکە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا پێشێلکردنی مافە کولتوورییەکانی کوردەکانە کە لەگەڵ پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەو حکومەتەشدا لە دژایەتیدایە. سڕینەوە، سەرکوت و بەلاڕێدابردنی ناسنامەی کولتووری، پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ٢٧ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە لەسەر مافی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ پاراستنی کولتوور، زمان و هونەریان جەخت دەکاتەوە. هەروەها بەپێی ماددەی ١٥ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، هەر تاکێک لە کۆمەڵگا دەبێت بتوانێت بە ئازادییەوە لە ژیانی کولتووریی کۆمەڵگاکەی خۆیدا بەشداری بکات و لەژێر گوشاری حکومەت بۆ قەبوڵکردنی کولتوورێکی داسەپاودا نەبێت.

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە هونەرمەندانی کورد، نموونەیەک لە «جینۆسایدی کولتووری» یە کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی لە ڕێگای سەپاندنی ئایدیۆلۆژیی حکومەتی و ڕێگری لە دەربڕینی ئازادانەی کولتووری ئەو نەتەوەیە.

شەرمەزارکردنی سەرکوتی محەممەد شەریفی، گۆرانیبێژی کورد

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بانگکرانی محەممەد شەریفی، گۆرانیبێژی فۆلکلۆری کورد و خەڵکی شاری سەردەشت، بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و ناچارکردنی بە سڕینەوەی تەواوی پۆستەکانی لەسەر لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەی خۆی سەبارەت بە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردستان و ناچارکردنی بە خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی سروودی "ای ایران" بە ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات.

هەنگاو وێڕای پاڵپشتیی خۆی لە محەممەد شەریفی و سەرجەم ئەو هونەرمەندانەی کە لە ژێر سەرکوت و گوشاری هاوشێوەدا داندراون، پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو شێوە هەوڵانە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کولتووری و لەنێوبردنی بەرخۆدانی کولتووریی خەڵکی کورد بێ ئاکام دەمێننەوە.

ئەو هەوڵە نەک سەرکوتی یەک هونەرمەند کە نموونەیەکی ئاشکرا لە سیاسەتە ڕێکخراوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی بەلاڕێبردنی ناسنامەی کولتووری و سەپاندنی گێڕانەوە حکومەتییەکان بەسەر کەشی هونەردایە. کۆماری ئیسلامی لەحاڵێکدا هونەرمەندانی کوردی ناچار بە بڵاوکردنەوەی ئیدیۆلۆژیی خۆی کردووە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی سانسۆر و هونەرمەندانی ئەو بوارە سەرکوت و دەستبەسەر کراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە