سەقز؛ ڕەحمان ڕەحیم پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو دەستبەسەر کرا
هەنگاو، پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
ڕەحمان ڕەحیم پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی سەقز، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ڕەحمان ڕەحیم پوور، تەمەن ٣٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکردنی ڕەحمان ڕەحیم پوور لە بەرامبەر ماڵەکەی لە شەقامی (ئوستاد شیرازی)ی شاری سەقز بووە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراو و هاوژینەکەی و تابلێتی منداڵەکانی گرتووە.
ڕەحمان ڕەحیم پوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٩)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرا.
ناوبراو لە کۆتاییدا سەرماوەزی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی تەبلیغ بۆ حیزبی ژیانەوەی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای ١٠ مانگ بەندکران بەسەردا سەپێندرا.
ڕەحمان ڕەحیم پوور ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ٢٧٢١، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ١٠ مانگ سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواستراوە. ناوبراو بە تەواوبوونی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.