سنە؛ دەستبەسەرکرانی مەحیەدین خالیدیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
مەحیەدین خالیدیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، مەحیەدین خالیدیان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری لە شوێنی کارەکەی لە سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەستیان بەسەر هەندێک لە کتێب و وێنەی کچەکەی، بە ناوی نیلووفەر خالیدیان (بێریتان سنە) گرتووە.
نیلووفەر خالیدیان کە گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، لە مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە کاتی بوردمانی ئا سمانیی ئەرتەشی تورکیا گیانی لە دەست دا.
بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم بەندکراوە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.