سەقز؛ بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ سێ کەس

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٠:٣٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقزیان لەو شارەدا دەستبەسەر کردووە. بە هەژمارکردنی ئەو دوو حاڵەتە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ماوەی ڕۆژی پێشوو لە شاری سەقز گەیشتە سێ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، هیوا ئەمینی و بەهمەن فەیزی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی ڕەحمان ڕەحیمپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی تەمەن ٣٧ ساڵی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا ڕاگەیاندبوو.

ئەو هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هەوڵەکان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بێ ئاکام ماونەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە