دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان
هەنگاو؛ هەینی ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئەنوەر کورد و هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی کەیوان نیکنام، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسڵامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٣٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئەنوەر کورد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی «حەسار بڵاغی» سەر بە بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هاوکات، کەیوان نیکنام، خەڵکی مەهاباد بە هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری هەوڵی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.