بۆکان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی عەلی ڕەسووڵیان
هەنگاو؛ هەینی ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
عەلی ڕەسووڵیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان سێ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، عەلی ڕەسووڵیان، خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی عەلی ڕەسووڵیان بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و نزیکانی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.