میلاد ڕندانی و نەریمان ڕندانی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە گواسترانەوە

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٢٣:٠٢

هەنگاو؛ هەینی ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

میلاد ڕندانی و نەریمان ڕندانی، دوو برای خەڵکی سەقز و لە چالاکانی میدیایی و مەدەنیی ئەم شارە، دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە، بە ناوی سوپای "شەهرامفەر" گواستراونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، میلاد ڕندانی، وێنەگر و چالاکی مەدەنی تەمەن ٣٠ ساڵ و نەریمان ڕندانی، چالاکی میدیایی و مەدەنی و تەمەن ٣٥ ساڵ بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی میلاد و نەریمان ڕندانی، بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

میلاد ڕندانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کامێرای چاودێری دووکانەکەی و هاردی کامێراکەدا گرتبوو.

نەریمان ڕندانی ئێوارەی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی سەقز دەستبەسەر کرا.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی کوردستان دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە