گواستنەوەی عەلی ڕوحی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپا لە سنە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
عەلی ڕوحی (پشکۆ) لە ئەندامانی کۆمیتەی گوندی ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە، ناسراو بە قەرارگای "شەهرامفەر" گواستراوەتەوە و لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دایە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، عەلی ڕوحی (پشکۆ) تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەسراوا"ی سەر بە شاری مەریوان بۆ گرتنگەی شەهرامفەری سنە گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بەرپرسانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڕەشەیان کردووە کە دەستبەسەرکرانی عەلی ڕوحی لانی کەم سێ مانگ درێژەی دەبێت.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە عەلی ڕوحی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی وتوویەتی لە ژێر گوشاری توندی دەروونی و جەستەیی دایە.
عەلی ڕوحی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و چوون بۆ ئیتلاعاتی سوپای مەریوان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.