شنۆ؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی ئەمیر ڕەحمانی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٢:٥٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ لە ئەنجامی بانگکران و ڕۆیشتن بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٤ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئەمیر ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی گەڕەکی "تاچیناوێ"ی سەر بە شاری شنۆ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" و بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سەرجەم سزای سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، یەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە دوای قبووڵکردنی بڕیاری دادوەر، بۆ سێ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەمیر ڕەحمانی، ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەر کرا و سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو، ناوبراو لە ئاکامدا ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە