بۆکان؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی حەسەن ئەهار

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٣:٣٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤

حەسەن ئەهار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە دوو حەوتوو پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی حەسەن ئەهار، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی بۆکان و باوکی دوو منداڵ، تا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و لەو ماوەیەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری بێبەش بووە.

حەسەن ئەهار ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

شایانی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان لە دانەوەی وەڵامێک لەو بارەیەدا ڕێگرییان کردووە و سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی ئەو بابەتە هەرەشەیان لێکردوون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە