بەندیخانەی ئورمیە، دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی درێژخایەنی ئیلهام عەباسی
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار کە ناسنامەی ئیلهام عەباسی پشتڕاستکراوەتەوە، لە دوو مانگ پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکرا و تا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە زیندانی کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گەنجێکی ٢١ساڵەی خەڵکی شاری پیرانشار لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٤، دەستبەسەرکرا و بە تێپەڕبوونی دوو مانگ، هەر وا چارەنووسی لە بەندیخانەی ئورمیە نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئیلهام عەباسی، ناوبراو دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە پیرانشار بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە (دەریا) گواستراوە و تا ئێستاش لەو بەندیخانەیە زیندانی کراوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە دەستبەسەرکرانی ئیلهام عەباسی لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکی ئەو هاووڵاتییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوان لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بووە.
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی ئیلهام عەباسی، تا ئێستا بارودۆخی یاسایی دۆسیە دادوەرییەکەی نادیارە و لە تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بۆ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.