جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بەشێوەی نهێنی
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مەیسەم فەرهادی و ڕەزا بەختیاری لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان، بەشێوەی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوەکانی مەیسەم فەرهادی، تەمەن ٢٩ ساڵ و خێزاندار و ڕەزا بەختیاری لە بەندیخانەی دیزڵئاوای ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان جێبەجێ کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.