قەسری شیرین؛ کوژرانی گەنجێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان
هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
گەنجێکی کورد و خەڵکی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی محەممەد عەزیزی لە بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی یەکەی تایبەتی فەرماندەیی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و "نوپو" (هێزە تایبەتەکانی پاراستنی ویلایەت) کە ژێر کۆمەڵەی یەکەی تایبەتە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە و بەرکەوتنی سێ گوللە کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی شەوی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، هێزەکانی یەکەی تایبەت و "نوپو" بە هێرشکردن بۆ سەر بازاڕچەی سنوریی پەرویزخان لە شاری قەسری شیرین گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵ بە ناوی محەممەد عەزیزییان دایە بەر دەستڕێژ و کوشتیان.
یەکێک لە نزیکانی محەممەد عەزیزی بە هەنگاوی ڕاگەیاند: " محەممەد لە دایکبوویی ساڵی ٢٦٩٠ی کوردی و سەڵت بووە و سێ گوللەی کڵاشینکۆف بەر سینگ و سکی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە ".
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، محەممەد عەزیزی حەوتەی ڕابردوو لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان تووشی تێکەڵچوون بووە و شەوی ڕابردوو ئەم هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو هێرشیان کردووەتە سەر بازاڕچەی پەرویزخان و دوای ئەوەی کە خۆی ڕادەست نەکردووە بە تەقەی سێ گوللە ناوبراویان کوشتووە. ئەم هێزانە بۆ دەستبەسەرکردنی محەممەد عەزیزی فەرمانی تەقەکردنیان لە عەلی ڕۆستەمی، داواکاری گشتیی شاری قەسری شیرین وەرگرتبوو.