جێبەجیکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی
هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی عەلی ئاتین و ڕەزا سەیدی کە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژیی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٦ی ژانویەی ٢٠٢٥) سزای سێدارەی عەلی ئاتین تەمەن ٢٨ ساڵ و ڕەزا سەیدی تەمەن ٤٨ ساڵ، دوو بەندکراوی خەڵکی سەردەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد جێبەجێ کرا.
هەنگاو زانیویەتی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە و لە دوای ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێکراوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە لە سێ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دەستبەسەر و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە، ئەم دوو کەسە لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئاشکراکردنی بوونی باندێکی دەستدرێژیکار لەلایەن ژنان و چالاکانی مەدەنی خەڵکی سەردەشت، دەستبەسەرکرابوون، ئەم چالاکانە ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢١ بە گردبوونەوە لە گۆڕەپانی «سەرچەشمە» ی سەردەشت بوونی ئەم گرووپەیان ئیدانە کرد و خوازیاری دەستبەسەرکران و سزادانی ئەندامانی ئەم گروپە بوون و لەگەڵ قوربانیان هاودەردییان نواند.
پێشتر هەنگاو لە زاری یەکێک لە بەشداربووانی ئەم گردبوونەوە ڕایگەیاندبوو، سەرهەنگ بەهاری لە نێو بەشداربوواندا ڕایگەیاندووە کە سێ کەس لە ئەندامانی ئەم باندە دەستدرێژیکارە، دەستبەسەر کراون و بەڵێنی داوە کە لە دادگایەکی عادڵانەدا سزا بدرێن.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە میدیاکانی سەر بە حکومەت بەتایبەتی میدیای سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاو نەبووەتەوە.