بەندیخانەی ناوەندیی قوروە؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەتۆمەتی تۆمەتی دەستدرێژی
هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن تەهماسبی و کۆهیار عەباسی کە لە بابەتی دۆسیەی فەرید سادقی منداڵی ١٤ ساڵ و لە منداڵانی کاری خرڵکی قوروە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١ی ژوئەنی ٢٠٢٦) سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن تەهماسبی تەمەن ٥٢ ساڵ و کۆهیار عەباسی تەمەن ٣٧ ساڵ، هەر دووکیان خەڵکی شاری قوروە کە بە تۆمەتی دەستدرێژی (لیواتی بە زۆر) بۆ سەر منداڵێکی ١٤ ساڵە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە جێبەجێ کرا. ئەم دوو سزادراوە، هۆکاری سەرەکیی گوشاری دەروونی و خۆکوشتنی ئەم منداڵە بوون.
حەسەن تەهماسبی و کۆهیار عەباسی کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٤، دوای خۆکوشتنی دڵتەزێنی منداڵێکی کار و تەمەن ١٤ ساڵە بە ناوی فەرید سادقی لە گوندی «چمقلوو گەنجی» قوروە، لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاشان ئەم دوو کەسەی بە تۆمەتی دەستدرێژیی بە زۆر و فیلمگرتن بە مەبەستی بەرتیل، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندن و ئەم سزایە لە کۆتاییدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ جێبەجێ کرا.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، فەرید سادقی، منداڵی کار و خەڵکی قوروە و و لە قوربانیانی تەڵاق، ئێوارەی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ بە هۆی تیپەڕاندنی زیاتر لە ساڵێک گوشاری دەروونیی توند، ئازار و ئەزییەتی سێکسی و داوای بەرتیلی ماددیی بەردەوام لەلایەن ئەم دوو کەسەوە، لە ماڵی بنەماڵەی خۆیدا هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.