ئیلام؛ دەستبەسەرکرانی سیروان پەرویزی، بلاگێری کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سیروان پەرویزی، بلاگێری کۆمیدیەن و لە چالاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئیلام بە هۆی ڕەخنەگرتن لە دۆخی خراپی ئابووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٥ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سیروان پەرویزی، کۆمیدیەن لاوی خەڵکی ئیلام لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی دەستبەسەر کراوە.
دەستبەسەرکردنی سیروان پەرویزی، لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی بە ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانە و تەنزئامێز لەبارەی دۆخی ئابووری ئێران لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووە.
بەدواداچوونی بنەماڵەی سیروان پەرویزی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوبراو و دابینکردنی زەمینەی ئازادی کاتی بێ ئاکام ماوەتەوە و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک لەم بارەوە خۆیان پاراستووە.