ئیلام؛ دەستبەسەركرانی مووسا ئومێدی چالاكی مەدەنیی كورد لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەركرانی هاووڵاتییانی كورد دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، مووسا ئومێدی، چالاكی مەدەنیی كورد، خەڵكی ئیلام، لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥، (٣ی جوڵای ٢٠٢٥)، مووسا ئومێدی، خەڵكی ئیلام، لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەكەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپا بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری هەوڵی دەستبەسەركردنی ئەم هاووڵاتییەیان داوە و دەستیان بەسەر هەندێك لە كەلوپەلی ناوبراو، لەوانە مۆبایل، لەپتۆ و كتێوەكانیدا گرتووە و بردوویانە.
شایانی باسە كە، ئەم چالاكە مەدەنییە پێشتریش چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ كراوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكارەكانی دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.