ژنکوژی؛ ژنێکی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە ئیلام لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا
هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ژنێکی خەڵکی ئیلام بە ناوی زارا شەهبازی کە قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ و منداڵ هاوسەری بووە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە بەکارهێنانی چەک کوژرا و بکوژ هەڵاتووە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم ٩ ژن لە پارێزگای ئیلام لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥) ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی زارا شەهبازی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری ئیلام، ناوەندی پارێزگای ئیلام لە لایەن هاوژینەکەیەوە و لە پێش چاوی منداڵە ١٤ ساڵانەکەی بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەیی کوژرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، زارا شەهبازی لە تەمەنی ١٤ ساڵی ناچار بە بە زۆر ناچار بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کراوە و قوربانی منداڵ هاوسەرییە.
قودرەت حەیدەری زاد، فەرماندەی ئینتزامی ئیلام بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاندووە کە، بکوژ هاوسەری تەمەن ٣٢ ساڵی ئەم ژنە بووە و دوای ئەم تاوانە هەڵاتووە و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو دەستی پێکردووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ پارێزگای ئیلام بە ٩ حاڵەتی ژنکوژی یەکێک لەو پارێزگایانە بووە کە زۆرترین حاڵەتی ژنکوژی تێیدا تۆمار کراوە.