ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی مەحبووبە دلاوەری، مامۆستای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە لایەن هاوژینەکەی لە ئیلام

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٠:٠١

هەنگاو؛ شەممە ٧ پووشپەڕ، ٢٧٢٥

مەحبووبە دلاوەری لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئیلام لە لایەن هاوژینەکەی خۆی لەو شارەدا کوژرا. هۆکاری کوژرانی ناوبراو بە "کێشەی خێزانی" ڕاگەیێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، مەحبووبە دلاوەری، مامۆستای تەمەن ۴۲ ساڵی خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس لە سەری، لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحبووبە دلاوەری لە ئەنجامی مشتومڕێک لەسەر بابەتی ئابووری و دژایەتیی هاوژینەکەی لەگەڵ بڕیاری ناوبراو بەمەبەستی کڕینی شتومەک لە سەربەندەر، لە لایەن هاوژینەکەی بە گوڵدان لە سەری دراوە و کوژراوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوە، بکوژ کە تەمەنی ۴۷ ساڵە، دوای کوشتنی هاوژینەکەی تەرمەکەی بە بەتانییەک داپۆشیوە و لە ماڵێ دایناوە و تا ۲۴ کاتژمێر پاش ئەو ڕووداوەش لە هەمان شوێندا ماوەتەوە.

بکوژ لە ئاکامدا دوای ئاگاداربوونەوەی هاوڕێیەکی هاوژینەکەی کە بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەردەوامی قوربانی بە تەلەفۆنەکانی بنەماڵەکەی و کوژاندنەوەی مۆبایەکەی دەچێتە ماڵیان و لە ڕێگای جیرانەکانیانەوە سەبارەت بەوەی شەوی ڕابردوو کێشەیان هەبووە ئاگادار دەکرێتەوە، ڕادەستی پۆلیس و دەستبەسەر دەکرێت.

هەواڵنێری حکومەتی مێهر پێشتر بێ ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو ژنە نووسیبووی تۆمەتبار بێ هیچ بەرخۆدانێک خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە، دانی بە کوشتنی هاوژینەکەیدا ناوە و هۆکاری کوژرانی ناوبراوی بە "کێشەی خێزانی" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە