جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان
هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مزەفەرە شاهسواری، محەممەد شەهیدی و ئەشکان کازمی، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە دۆسیەگەلی جیاواز، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مزەفەر شاهسواری، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، محەممەد شەهیدی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی کرماشان و ئەشکان کازمی، خەڵکی بەشی گواوەری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان و لە ئەندامانی فەرمیی ئەرتەش بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە بەندیخانەی دیزڵاوا جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مزەفەر شاهسواری و محەممەد شەهیدی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها ئەشکان کازمی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی "شیوا زەفەری"، برای هاوژینەکەی و پارێزەری هاوژینەکەی "پەریوەش زەفەری"، بە چەکی سازمانی (پارابلۆم ٩ میلی میتری) بە هۆی ناکۆکی لەسەر مارەیی و جیهاز، دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە حەفتەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ سزای سێدارەی لانی کەم ١٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، قزڵحیسار و مەهاباد جێبەجێکراوە.