سنە؛ دەستبەسەرکرانی ئەفشین حوسێنپەناهی، برای ڕامین حوسێنپەناهی
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ئەفشین حوسێنپەناهی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای ڕامین حوسێنپەناهی، بەندکراوی سیاسی کە شەش ساڵ پێش لەسێدارە درا، جارێکی دیکە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٨ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئەفشین حوسێنپەناهی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خێزاندار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکردنی ئەفشین حوسێنپەناهی، بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێزی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
ئەفشین حوسێنپەناهی مانگی بانەمەڕی ساڵی ٢٧٢٢، بەبێ ئامادەبوونی لە دادگا لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو هاووڵاتییە هەروەها ساڵی ٢٧١٧ لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران سزای هەشت ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ماوەی ٦ ساڵ بەندکرانی بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرا.
ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٠)، دوای تێپەڕکردنی نزیک بە سێ ساڵ لە سزای شەش ساڵ بەندکرانەکەی، بە لێبوردنی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا.
ڕامین حوسێنپەناهی، چالاکی سیاسیی کوردی تەمەن ٢٤ ساڵ و برای بچووکتری ئەفشین حوسێنپەناهی خەڵکی گوندی قروچای سەر بە شاری دێولان، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ لەگەڵ زانیار و لوقمان مورادی، دوو بەندکراوی سیاسی کوردی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا و کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستاش تەرمەکەیانی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.