دەستبەسەرکرانی دوو منداڵی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە مەهاباد

١٣ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٢:٢٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤

دوو منداڵی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی تەمەن ١٧ ساڵ دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، هەردووکیان تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەهۆڵان"ی سەر بە شاری مەهاباد دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواستراونەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی دووشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دایکوباوکی ئەو دوو هاووڵاتییە و ماڵەکانیان پشکنیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو دوو منداڵە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو منداڵە کوردە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە