بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی کرماشان بۆ چوار کەس

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٣:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی فەرمان ئەفریستەم، خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا. هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکەی کورد هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی فەرمان ئەفریستەم، خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی دێزڵئاوا جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە، چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکەی کورد لە هەمان ڕۆژ بە ناوەکانی مزەفەر شاهسواری، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، محەممەد شەهیدی، تەمەن ٣٧ ساڵ و ئەشکان کازمی، خەڵکی بەشی گواوەری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان و لە ئەندامانی فەرمیی ئەرتەش جێبەجێ کراوە. ناوبراوان بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە دۆسیەگەلی جیادا دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان و بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە