کرماشان؛ سەپاندنی سزای شەش مانگ بەندکران بۆ سەر بەهمەن نادری
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤
بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کرماشان کە لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لەم دواییانەش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، بەهمەن نادری، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە بە تۆمەتی «بێڕێزی بە بەرپرسانی فەرمی و کاربەدەستان» سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار بە ناوبراو ڕاگەیێندرا.
ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی دە ملیۆن پارەی نەقدی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم هاووڵاتییە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤، لە بەرەبەری دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەری لە دەستبەسەرگەی سوپا بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان گواسترایەوە و ٩ی خەزەڵوەری ئەم ساڵ بە دانانی بارمتەی شەشسەد ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بەهمەن نادری پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" سزای شەش مانگ بەندکران و پێبژاردنی هەشت ملیۆن پارەی نەقدی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، بەهمەن نادری ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ لە بەرەبەری ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر و دوای یەک حەوتە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرا.
ناوبراو یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان بانگ و دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەر و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.