ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوشتنی سێ ژن لە شارەکانی سەقز، سنە و کرماشان

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٩:٥١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤  

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سێ ژنی گەنجی خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە و کرماشان بە ناوەکانی کەوسەر دارابی قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، غەزاڵە حدوودی قوربانیی منداڵ هاوسەری و سارا کەرەمی هەر یەک بە دەستی هاوژین، کەسێکی نەناسراو  و داواکارەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، کەوسەر دارابی  تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە دەوروبەری ئەم شارە کوژرا.  

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەوسەر دارابی دوو مانگ پێش ناچار بووە لەگەڵ ئەم کەسە هاوسەرگیری بکات و پێش ئەوەی بکوژرێت لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە سەختی لێی دراوە. شایانی باسە کە بکوژ ئێستا دەستبەسەر کراوە.  

هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێک بە ناوی سارا کەرەمی خەڵکی سەقز و دایکی کوڕێکی ٦ ساڵان، لە لایەن کەسانی نەناسراو لە ماڵی بنەماڵەییەکەی خۆی لە گەڕەکی بەهارستانی سەروو  لە شاری سەقز کوژراوە.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، قوربانییەکە کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بووە، کاتێک لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی تەنیا بووە، کوژراوە و لە کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەی کەوەبوونەوەی مل و ڕژانی خوێن لە گوێچکەی ناوبراو بینراوە.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، غەزاڵە حدوودی تەمەن ٢٧ ساڵ و دایکی کچێکی ١١ ساڵان و خەڵکی سنە و هەروەها لە قوربانیانی منداڵ هاوسەری لە لایەن داواکارەکەیەوە لە دووکانی بەرگدوورییەکەی کە لە گەڕەکی نایسەری ئەم شارەیە سووتێندرا. ئەو ژنە نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە لە ڕێکەوتی ٣ی جەنیوەری بە هۆی بەرزبوونی ڕێژەی سوتانەکەی گیانی لە دەست دا.

شایانی باسە کە، تۆمەتبار بە ناوی سیروان ساعدپەنا لە کاتی هەوڵەکانی غەزاڵە بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوە و وەرگرتنی چەخماخ لە ناوبراو، خۆیشی تووشی ئاگرەکە بووە ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە. بیانووی بکوژ بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە وڵامی نەی غەزاڵە بە پێشنیاری هاوسەرگیری بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە