ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی ٢١ چالاکی عەرەب لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو
هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٤
بە دەستبەسەرکرانی ١٨ چالاکی عەرەب لە شارەکانی ئەهواز و ڕامشیر ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی عەرەب لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتووەتە ٢١ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی عەرەب لە خووزستان، لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی عەرەب بە ناوەکانی عەلی کرووشات، محەممەد ناسری، یاسین سیلاوی، جەواد عەفەری، سەید فواد مووسەوی، عەلی ساری، جەواد حەیدەری، جەبار تەرەفی، محەممەد حەیدەری، ئیسماعیل حەیدەری، ڕەزا حەیدەری و ئەیووب چنانی لە گەڕەکی مەلاشیە و شێلەنگئابادی شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خووزستان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون، سێ برا بە ناوەکانی خالید عەمووری، عەلی عەمووری و محەممەد عەمووری لە شاری ڕامشیر (خەلیفە) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە و پاش دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار (٦ی جەنیوەری)، لانی کەم دوو هاووڵاتیی سوننەمەزهەبی عەرەب و دانیشتووی کووی مەلاشیەی ئەهواز بە ناوەکانی یوونس غەرباوی و ڕەزا زەهیری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی چالاکییە مەزهەبییەکانیانەوە دەستبەسەر کراون و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکرانانەدا، هاشم مووسەوی ناسراو بە (ئەبووعومەر) لە چالاکانی سیاسیی عەرەب و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی ناوچەی شیبانی ئەهواز، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبارەوە (٥ی جەنیوەری) دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە. ئە وچالاکە تەمەن ٥٦ ساڵە ساڵی ٢٧٠٩ دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ساڵی ٢٧١٣ دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز ئازاد کرا.
هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی دەستبەسەرکرانی سێ چالاکی عەرەبی دیکە بە ناوەکانی سەعید ئیسماعیل، ئەحلام بەندەر و میلاد بەحریی ڕاگەیاندبوو.