ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ئارام کەرەمی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٤:٣٩

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ئارام کەرەمی، بەندکراوی سیاسیی کورد، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی و دەروونیی لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەش کراوە. ناوبراو سێیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارام کەرەمی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی شاری سنە، پێویستیی بە وەرگرتنی خێرای مافی مەرەخەسی بەمەبەستی پێڕاگەیشتن و چارەسەریی پزیشکی هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئارام کەرەمی، ناوبراو تا ئیستا ٣٦ مانگ لە ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە تێپەڕ کردووە و ئێستا پێویستیی جددیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) " سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. شایانی باسە کە ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتیی ئارام کەرەمی، بۆ ٦ساڵ و ٩ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ئارام کەرەمی، پێشتر لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەکی پشتدا چوار مەرەخەسیی بە ڕاگرتنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی وەرگرتبوو، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە. هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە و سەردانیان بۆ ئیدارە پەیوەندیدارە حکومەتییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوبراو بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

شایانی باسە کە، ئارام کەرەمی مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢١، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرا و دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران، مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ (١٦ی جوونی ٢٠٢٢)، دوای شەش مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە