جێبەجێکردنی سزای دوورخستنەوەی عومەر شەریف حاجی؛ نیشتەجێبوونی زۆرەملێی دوو ساڵە لە گورگان
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
عومەر شەریف حاجی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مهاباد کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرابوو؛ بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم سزایە بۆ گورگان گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر ماوەی سزای بەندکرانی خۆی کێشابوو و ئازاد کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای دوورخستنەوەی عومەر شەریف حاجی، هاووڵاتیی خەڵکی مهاباد جێبەجێ کرا و ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ بنەماڵەکەی، حەفتەی ڕابردوو بە شێوەی زۆرەملێ بۆ شاری گورگان ناوەندیی پارێزگای گوڵستان گواستراونەتەوە.
عومەر شەریف حاجی پێشتر لە هاوینی ٢٧٢٤، لەلایەن دادگای شۆڕشی مهابادەوە سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری لەگەڵ دوورخستنەوەی دوو ساڵە بۆ گورگان بەسەردا سەپێنرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤، لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مهاباد گوازرایەوە.
عومەر شەریف حاجی لە هاوینی هەمان ساڵدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری لەگەڵ دوورخستنەوەی دوو ساڵە بۆ گورگان بەسەردا سەپێنرا.
ناوبراو کە لە ماوەی دەستبەسەریدا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، دوای نزیکەی ٤ مانگ بەندکران، بە بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.