نەغەدە؛ محەممەد ئەمینی فەر سزای ٢٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٦:١٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤

محەممەد ئەمینی فەر (جۆخۆر)، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرجەم سزای ٢٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد ئەمینی فەر، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی عەلیاوای سەر بە نەغەدە لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر سەجاد دووستی، بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و " پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" سەرجەم سزای ٢٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

محەممەد ئەمینی فەر، ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٣)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی عەلیاوا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواسترابوویەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٢ ملیاری بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، محەممەد ئەمینی فەر لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە