ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئەکبەر باقری، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٩:٤١

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ئەکبەر باقری، هاووڵاتیی کورد و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی کرماشان، دوو مانگ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی ئەکبەر باقری، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی کرماشان، تا ئێستا زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، ئەکبەر باقری ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری لە تاران دەستبەسەر و بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ گواسترابوویەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی باقری، ئەکبەر باقری لە کاتی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە شوێنە دادوەری و ئەمنییەکان لەبارەی چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئەکبەر تووشی چەند نەخۆشی وەکوو هێمۆگلۆبینی خوێن، کێشەی ڕیکخۆڵە، جەرگ و هێمورۆئیدە و ناڕوونی لە دۆخی جەستەیی ناوبراو، بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.

ئەکبەر باقری، پێشتر لە ساڵی ٢٧١٦ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە، ناوبراو لە هاوینی ساڵی ٢٧١٨ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "پێکهێنانی دەستە و گرووپ" سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە کۆتاییدا لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ڕووداوەکانی بەندیخانەی ئێڤین لە ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٢، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرج گواسترایەوە و لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی ٢٧٢٣، دوابەدوای دەرچوونی بەخشنامەی لێخۆشبوون لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ئەکبەر باقری هونەرمەندی خۆشنووسی و تەنیا سەرپەرستی بنەماڵە و هەروەها باوکی کچێکی ١٤ ساڵانە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە