کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی لە مامۆستایانی سوننە دەستبەسەر کرا

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٤:٤٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی بامەنەری ٢٧٢٥


مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستایی ئایینی کورد و سوننە مەزهەب و بەر نوێژی پێشووی مزگەوتی "محەمەدەلموستەفا"ی کرماشان لە دوای بانگکران بۆ لقی دادگای تایەبەت بە مامۆستایانی ئایینی شاری کرماشان، دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٥) مامۆستا ئایەت غوڵامی مامۆستایی ئایینی کورد لە دوای بانگکرانی بۆ لقی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی شاری کرماشان دەستبەسەر کراوە.

تائێستا لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئایەت غوڵامی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییە.

شایانی باسە ئەم مامۆستا لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەری ٢٧٢٤ لە دوای بانگکران بۆ بەشی حراسەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، پێشنوێژی و چالاکی لە مزگەوتی قەدەغە کرابوو.

ماوەیەک لە دوای قەدەغەکرانی چالاکییەکانی، مامۆستا ئایەت لە ڤیدیۆیەکدا هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی ئەم سزایە ڕایگەیاند کە هۆشدارییان پێداوە کە هەموو کۆبوونەوەکان و وانەکانی مزگەوتی "محەمەدەلموستەفا" دەبێت لە ژێر چاوەدێری ناوەندە ئەمنییەکان بەڕێوە بچێت.

مامۆستا ئایەت غوڵامی هۆکاری قەدەغەکردنی چالاکییەکانی گەڕاندەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربرین بە کوشتنی کۆڵبەران و ڕخنە گرتن لە حکومەتی و واژۆ کردنی بانگەواز دژی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزنژاد.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە