مەهاباد؛ بانگکران و دەستبەسەرکرانی محەممەد عەفیدی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی گەنجی خەڵکی سەردەشت کە ناسناوی ناوبراو محەممەد عەفیدی ئاشکرا بووە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، محەممەد عەفیدی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی و سەردەشت و دانیشتووی گوندی "سەهۆڵان"ی سەر بە شاری مەهاباد دوای بانگکرانی و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هاوکات دوو منداڵی خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، کە تەمەنیان ١٧ ساڵە لە ڕۆژی سێشەممە دەستبەسەرکراون.
ئەم هاووڵاتییانە دوای بانگکران و دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورمیە گواستراونەتەوە.
بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دەستبەسەرکراوانە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراوان، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.