بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی سروە شیری و پەیمان شیری بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان
هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سروە شیری و پەیمان شیری، خوشک و برای گەنجی خەڵکی شاری بۆکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەکانی ئورمیە و بۆکان گواسترانەوە. سروە شیری پێشتر سزای هەشت مانگ بەندکران و پەیمان شیری سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سروە شیری، تەمەن ٢٢ ساڵ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و براکەی، پەیمان شیری تەمەن ١٩ ساڵ بە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
سروە شیری لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای هەشت مانگ بەندکران و پەیمان شیری بە هەمان تۆمەت سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو خوشک و برایە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) لەگەڵ ئامۆزایەکیان بەناوی فەردین شیری بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
سروە و پەیمان شیری دواتر بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترانەوە و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کران.
شایانی باسە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش بوون.