دەستبەسەرکرانی ژیان میری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە

هەنگاو؛ شەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناو ژیان میری، چالاکی ژینگەپارێز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، ژیان میری خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی ژیان میری لە گەڕەکی "مەسناو"ی شاری سنە بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بووە.
جێگای ئاماژەیە کە، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە، تا ئێستا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کرانی، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، شوێنی ڕاگرتنی و چارەنووسی ژیان میری لەبەر دەستدا نییە.