ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی بانە

٢٣ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٦:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤

سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی کە ماوەی ١٧٢٣ ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانە ڕاگیراون، یەک مانگ پێش لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بانە گواستراونەتەوە و تا ئێستا لە مافی مرەخەسی بێبەشن. ئەم سێ بەندکراوە لەگەڵ یووسف ئەحمەدی، بەندکراوێکی دیکەی هاودۆسیەیان لە ماوەی دەستبەسەریدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش و لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد کەریمی تەمەن ٢٤ ساڵ، باست کەریمی تەمەن ٣٣ ساڵ و محەممەد فەیزی تەمەن ٣٤ ساڵ، هەموویان خەڵکی شاری بانە و تۆمەتبار بە "بەشداریکردن لە بەغی" کە ٤ ساڵ و ٨ مانگ و ١٧ ڕۆژی ڕابردوویان بە هۆی ئەم تۆمەتەوە لە بەندیخانە تێپەڕاندووە، نزیک بە یەک مانگ پێش لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بانە گواستراونەتەوە و تا ئێستا لە مافی مرەخەسی بێبەش بوون.

محەممەد کەریمی خەرمانانی ٢٧٢٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکران و محەممەد فەیزی و باست کەریمی بە هەمان تۆمەتەوە سزای ٢٠ بەندکران و سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەنکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی دیکە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایانە زستانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ئەو ساڵە پێیان ڕاگەیێندرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٦ی گوڵانی ٢٧٢٠ (٢٥ ئەپریلی ٢٠٢٠) و یووسف ئەحمەدی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵان (٢٦ی ئەپریل) لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەر و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی زۆر دەستبەسەری لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترابوونەوە.

شایانی باسە کە، دۆسیەسازی و دەرچوونی سزای قورس دژی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بە تەواوەتی لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و هەروەها نەبوونی سەرەتاییترین مافەکانیان وەکوو هەبوونی پارێزەر بووە. ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەستبەسەرکران و دادگاییەکەیان کەمترین مافی بەرەنگاری لە خۆیان نەبووە و بڕیاری دەرچوو بە لەبەرچاوگرتنی ڕای ناوەندە ئەمنییەکان دەرچووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە