ئورمیە؛ ئازادبوونی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی دوو منداڵی دەستبەسەرکراو بە دانانی بارمتە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
دوو منداڵی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی کە هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵە دوای تێپەڕاندنی ١٣ ڕۆژ دەستبەسەری لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئورمیە ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی، هەردووکیان تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەهۆڵان"ی سەر بە مەهاباد بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگایی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئورمیە ئازاد کران.
ئەم دوو منداڵە ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٣١ی دیسەمبەری)، دوای بانگکران و چوونیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە ئورمیە گواسترانەوە.
هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەیی ئەم دوو هاووڵاتییە و ماڵەکانیان پشکنیبوو.
تا کاتی داڕشتنی هەواڵە، لە وردەکاری هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە سەپێندراوەکان بۆ سەر ئەم دوو منداڵە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.