کەرەج؛ ئەژدەر پیری، لێکۆڵەر و سەرنووسەری گۆڤاری مانگانەی نێودەوڵەتیی "توێژینەوەی گەلان" سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٥:٠١

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ئەژدەر پیری، لێکۆڵەری کورد و خەڵکی شاری ئورمیە و سەرنووسەری گۆڤاری مانگانەی نێودەوڵەتیی "توێژینەوەی گەلان"، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، ئەژدەر پیری، تەمەن ٣٦ ساڵ و سەرنووسەری گۆڤاری مانگانەی نێودەوڵەتیی"توێژینەوەی گەلان" لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، ئەژدەر پیری جیا لە سزای یەک ساڵ بەندکران، سزای دوو ساڵ قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپێندراوە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە شاری کەرەج هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەژدەر پیری و دەستبەسەریان کردبوو.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لەبتابەکەیدا گرتووە.

ئەژدەر پیری لە ئاکامدا دوای ٢٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و تا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە