ئاودانان؛ ناسر هیمەتی شاعیر و نوسەری کورد بە تۆمەتی هەوڵدان بەمەبەستی دانپێدانان بە وڵاتی ئیسرائیل سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو؛ شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٥
ناسر هیمەتی، پزیشکی دەروونی، نووسەر و شاعیر و چالاکی مەدەنی دانیشتووی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو ئیزنی دەسپێڕاگەیشتنی بە دۆسیەکەی خۆی و هەروەها مافی ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگای لێ زەوت کراوە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناسر هیمەتی پزیشکی دەروونناس، نووسەر و شاعیری خەڵکی ئاودانان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئیلام بە تۆمەتی هەوڵدانی بە مەبەستی دانپێدانانی حکومەتی ئیسرائیل سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی بێرێزی کردن بە خامنەیی سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و لەسەر کاناڵێکی تلگرامی سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناسر هیمەتی لە تۆری کۆمەڵایەتی خۆی ڕایگەیاندووە سزای سێ ساڵ و شەش مانگ دەچێتە بواری جێبەجێ کردن. ئەمەش بە هۆی پەیڕەوکردنی ماددەی کۆکردنەوەی سزاکانە کە قورسترین سزا دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
بەپێی نوسینی خودی ئەم بەندکراوە سیاسیەی پێشوو، لە ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ ٢٩یی جولای ٢٠٢٥، لە کاتی سەردانی بۆ لقی یەکی دادگای شۆرشی ئیلام بۆ یەکەمین جار دۆسیەکەی خۆی بینیوە و وردەکارییەکانی دۆسیەکەی خوێندوەتەوە.
ناسر هیمەتی هەروەها دەڵێت، لە دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی نوێکەم کە بە پێی ڕاپۆرتی زانیاریدەرەکانی ئیتلاعاتی ئاودانان و بەدواداچوونی بەشی تکنیکی ئیدارەی ئیتلاعات لێم دراوە، سەرەڕایی فەرمانی ڕاشکاوی بەپرسی دادوەری، بەڵام بە هیچ شێوە ئیزنی دەسپێڕاگەیشتنم بە دۆسییەکەم نەبووە.
ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناسر هیمەتی چەندین کتێبی سەبارەت بە دەروونناسی وەرگێران کردووە و کتێبێکی بە ناوی دەستنووسەکانی بەندیخانە کە ١٠٣ دەستنووسی ڕۆژانەی بەندیخانەکانی دەستگرد ئیسفەهان و ماهپارەی دەڕەشاری لە ساڵی ١٤٠٠ دا نوسیوە و لە لایەن وەشانگەی ڕووناک لە دەرەوەی ئێران چاپ کراوە.