سنە؛ دەستبەسەرکرانی فەرهاد مینبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری سنە بە ناوی فەرهاد مینبەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، فەرهاد مینبەری تەمەن ٣٢ ساڵە و خەڵکی گوندی «نییەر» سەر بە شاری سنە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە گۆڕەپانی ئیقباڵی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.