دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی جەلال محەممەدی و خالید محەممەدی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، جەلال و خالید محەممەدی، هاووڵاتییانی خەڵکی نەغەدە دەستبەسەر کران.
دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە کە ئامۆزای یەکترن بە بەکارهێنانی توندوتیژی و دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر لە ماڵەکانیان کە لە شاری نەغەدەیە بووە.
جێگای ئاماژەیە کە، جەلال محەممەدی و خالید محەممەدی دوای لێدان و بێ ڕێزییەکی زۆر لە پێش چاوی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراون، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.