دەستبەسەرکردنی سەیوان غەفووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوی سەیوان غەفووری، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە سنە، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دوشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٥)، سەیوان غەفووری، خەڵکی گوندی "قۆجەر" سەر بە شاری دیواندەرە و دانیشتووی شار سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەیوان غەفووری، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بە توندووتیژی و لێدانی زۆر لە یەکێک لە شەقامەکانی سنە ڕوویداوە، کە ئەو ڕووداوە بۆتە هۆی مەترسی لەسەر باروودۆخی تەندرووستی ئەم هاووڵاتییە.
هەتا کاتی داڕشتی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەستبەسەر کران، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.