پاوە؛ ڕێگرییی ناوەندە ئەمنییەکان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماتەمینی دکتۆر هێرش قادری
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوە ڕێگرییان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی دکتۆر زەکەریا قادری) هێرش (، لێکۆڵەری ناسراوی کورد لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کرد. زەکەریا قادری لە چەند ساڵ پێشەوە بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بە بەجێهێشتنی زێدەکەی بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤) ١٥ی جەنیوەری ٢٧٢٤ (، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاودەستی مەلا قادر قادری، پێش نوێژی پاوە و نوێنەری تایبەتی عەلی خامنەیی لەو شارە، ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی دکتۆر هێرش قادری، لێکۆڵەری ناسراوی کورد لە مزگەوتەکانی ئەو شارەدا کرد.
دکتۆر هێرش قادری لێکۆڵەری پەنابەر ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٢١ی بەفرانبار) ١٠ی جەنیوەری (لە وڵاتی ئەڵمانیا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانی لە دەست دا.
ئەم لێکۆڵەرە چالاکە لە بواری مێژوویی و فەلسەفەی سیاسی، کتێبی «ئاوەزی ئێرانی و شووناسخوازی کوردەکان» ی وەک یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆی بەجێهێشتووە.
ناوبراو نووسەری چەندین توێژینە و بابەتی گرنیگ وەکوو «ڕخنە لە وێژمانی مۆدرنیتە لە هزری فۆکۆ’ و ‘ الاهیات سیاسی زردشت و تقابلهای دوگانە» بووە.
دکتۆر زەکەریا قادری خەڵکی پاوە، ساڵی ٢٠١٦ دوای بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ڕخنەیی لە سەر ‘’ئیسلام» لە وەرزنامەی زرێبار، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە خرایە سەر گوشار و ناچار بە بەجێهێشتنی زیدەکەی بوو. ناوبراو سەرەتا ڕووی لە هەرێمی کوردستان و پاشان وەکوو پەنابەر چووە وڵاتی ئەڵمانیا.