دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ، قەسری شیرین و پیرانشار

هەنگاو؛ یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سێ هاووڵاتیی کوردی دیکە بەناوەکانی کەماڵ عوقابی خەڵکی شنۆ، عەسکەر نەجەفی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و حەسەن فەلاعیان لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، کەماڵ عوقابی، خەڵکی گوندی "باڵاگیر"ی سەر بە شاری شنۆ، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. ئەو هاووڵاتییە پێشتر واتە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووش دەستبەسەر کرابوو.
لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۵ی ژۆئەن)، عەسکەر نەجەفی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی لە بازاڕی قەسری شیرین، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی ژۆئەن)، حەسەن فەلاعیان، ناسراو بە "هاوار ڕۆژهەڵاتی" نووسەر و شاعیری خەڵکی پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دوکانەکەی خۆی لەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی هەشت ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو هاووڵاتییە کوردانەیان دەستبەسەر کردووە و هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.