جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی سامان داودیان خەڵکی خوڕەمئاوا کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سامان داودیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی خوڕەمئاوا و لە تایفەی حەسەنوەندی ئەو شارە لە بەندیخانەی پارسیلۆن جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە تەمەن ٣٣ ساڵە، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.