بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بۆ شەش بەندکراو

١٣ بەفرانبار ٢٧٢٤، ٢١:٥١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤

بە ئاشکرابوونی ناسناوی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی عەلی وەحدانی، حوسێن وەحدانی و شەهرام مەهدەوی هاووڵاتییانی کورد و خەڵکی شارەکانی بجنوورد و کرماشان، ژمارەی ئەو بەندکراوانەی کە ڕۆژی ڕابردوو سزای سێدارەکەیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە گەیشتە ٦ کەس. پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکە لەوانە کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان جێبەجێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی حافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی چوارشەممەە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١ی ژانویەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی وەحدانی، تەمەن ٤٣ ساڵ، حوسێن وەحدانی تەمەن ٣٧ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی بجنوورد، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باکوور و شەهرام مەهدەوی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە پارێزگای ئەلبۆرز جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، عەلی وەحدانی و ئامۆزاکەی حەسەن وەحدانی، شەش ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها، شەهرام مەهدەوی، ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ئەرشیا، تەمەن ٢٢ ساڵ و ئەمین، خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە کە ناوی ئاشکرا نەبووە، هاوکات و هەر لەم بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک بە دەزگای دادوەی ڕانەگەیێندراوە، بەڵام هەواڵی لەسێدارەدانی سێ بەندکراوەکەی دیکە بڵاو کرابوویەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە